01-04-2015

ROzhy La Daik bunt Piroz.21.03.2015




یادی لە دایک بوونت، ئیلهامی ئەم هەڵوێستەی پێ بەخشیم
(بۆ کە من بیر لە تۆ دەکەمەوە، کاغەزەکان بۆنی گوڵیان لێدێ )
ئەی مەزدای ڕۆح، شەو درەنگ وەختەو یادی لە دایک بوونت ئامێزم دەکات بە مەنزڵگا، بزەیەکی ئاهورایی، شیعرێکی مەست، شەپۆلی پەیڤی خولیایی، ناخ و جەستەم دەکات بە چەپکێ شنە و گەوهەرەکانی دنیایی لێ دەڕژێ ئەم یادە، ئەوەیە تامەزرۆی شەوق و گڕی عەشقتە شەوان خەیاڵ ئۆقرەی نەگرت تاوێ لە ئامێزی ئەم شەوە بەهاریەدا بحسێمەوە بۆنی گوڵ و مێخەکەکانی ئەوینت یەخەی گرتووم، تەزوویەکی گەرم بە ناو پەنجەکانمدا دەکەوێتە ڕۆحمەوە و دڵمت بۆ دەکەم بە چراخانی شار و پەنجەکانم دادەگیرسێنم دەستم دەنێمە کەمەری قەڵەمێکی ماندوو و لەگەڵ تێکپچڕانی هەناسەکانمدا ئیلهامێک لە دایک دەبێ تۆش وەکو پەپوولە لە ئامێزی خامە و وشەمدا چاو لە یەک نێ بۆ ئەم یادەت عەشقت بووەتە چرای شەوگارم، هاتووم بە دەم خونچەی شیعرێکەوە خۆشترین ئاواز بە گوێکاندا بچرپێنم، کە لە نۆتەی لێدانەکانی دڵی من دەچێ و پەیڤەکانم وەک پێکێکی درەوشاوە، مەستت دەکات هاوتووم جوانترین تابلۆ لە ژوورەکەتدا هەڵواسم، ڕۆحی هەزاران گەڵای زێڕینی لە بەردا بکەم، سۆزی ژنێکی شاعیرانەی تیا بنەخشێنم تۆش لە مۆزەخانەی بیرەوەریتدا بەهارمۆنیایەکی کزی میوزیک تابلۆی ئەو سێبەرە دەکەیتەوەو دەتباتەوە ئەو کۆڵانانەی کە لە پروشەی بەفران دەچێ و لە مێژە پیاسەیەکت تێیاندا نەکردوو
ئەمشەو چەند مەراق بە ئاوێتە بوون و شەیدا بوونم بە لە ئامێز گرتن و ماچت هێندەش مەراقم جەستەم بکەم بە هەڵبەستێک و بە تۆی دڵدارمی بسپێرم، بەڵام ئەی کائینێك لە ئەوین و ژیان، ئەی خەزنەی گریان و فرمێسکە کاڵەکانم من جەستەم ئەسیری ڕۆحێکە، کە دەمار بە دەمار خوێنی پیاوێک لە ناویاندا دێت و دەچێ وەک دوو ڕووبار چۆن نوقمی یەک دەبن و ئاوازێک دەلاوێننەوە، بارانێک دەنووسنەوە، کە چرپەی ڕازی لێدەچۆڕێ من و تۆش لە سەر پەیژەکانی خەیاڵ پەپوولە ئاسا سەفەر دەکەین لە ناو باوەشی یەکدا، وەک هەنگێک بە ناو ڕۆحی گوڵەکاندا شۆڕ دەبیننەوەو باران بە لێزمە جەستەمان دادەکوتێ لەگەڵ تۆدا بە کۆڵانەکانی بەختەوەریدا تێدەپەڕم، بە ڕێکەوت نیگاکانم دەبەیتەوە ناو ئەو باخچانەی کە ژووانێکمان تیاندا بەستووە هەر ساتەو بە ڕەنگێک تابلۆکانم دەنەخشێنی و نیگارێکم بۆ دەکێشی، کە بۆنی ڕۆحی یەکترمانی لێ دێ ئێدی نە گرمەی هەورە بروسکە، نە دەنگی شەوێکی بێدار و نە نەخمەی خەمگینی گەرووی کەناریەک، چرپەیەک ناچێتەوە گوێی وجوود من تا لەرزین تاسەی ئەو چاوانەت دەکەم، کە دەست لە ناو دەست لە نێوان دوو نیگای جاویدانیدا، توانی ڕۆحی ژنێتیم بکاتەوە و حەزەکانیش لە ژووانێکدا لە گەورەیت بڕوانن تۆ لە ناو گوڵزاری بیرەوریمدا لەگەڵ گشت ئاوازێک سەما دەکەی، دوا شەقامی خەونەکانت دەپشکنی دەمێ دەبیتە حوکمڕانی ئەفسانەیی شاری ئەوین، دەمێکی دی عەرشی عەشقمان ئاو دەدەی
منیش لێکدانەوەیەک بۆ جیاوازی نێوان خۆم..و..تۆ..و..باران دەکەم تۆ فرمێسک لە چاوەکانتدا قەتیس دەکەی، باران لە ناو دڵی هەوردا ڕای دەگرێ منیش بێ گومان وەک هەمیشە بەرگێکی لە زەردەخەنە بۆ دەدەرووم و لە بەری دەکەم جار جاریش لەگەڵ مێلۆدیەکی خەمناکدا دەیکەم بە پارچە میوزیکێک
تۆ کە هەمیشە لە ناو دڵمدا پیاسە دەکەی، کە لە گوڵزاری سینەمدا عەشق دەکەی ئیلهامی میهرەبانی دەنووسی، بە چرپەیەک دێتەوە دنیایی دڵم و خورپەی ناخم دەهەژێنی دەستەکانم پڕ دەکەی لە گوڵ و چاوەکانیشم پڕ لە ئەسرینی گەشی هیوا ئیتر بۆ پێم ناڵێی، ئەی هێمنتر لە تەنیایی، ئەی سەرابی ڕۆحە پەژموردەیەکان، ئەی شیرینترین لە هەنگوێنی ئەوین ئەم هەموو حەزەم بۆ تۆ لە چیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ سەرتاپای ئەم شێتیەم لە کوێوە دەستی پێ کردووە؟ ئەم شیعرەم زادەی واقیێکەو خەیاڵ لە باوەشی گرتووە، لە ئەم یادەتدا بۆ ناو هەستی خۆشەویستی، وشەیان پێ پڕژاندم و هەڵوێستێکی پڕ لە عەشق و میهرەبانی، وەفا، هیواو خۆزگەیان بۆ نەخشاندی هاتووم لە سیمای پیرۆزتدا نغرۆی عەشق بنووسمەوە، بۆیە هەموو ساڵێ لە ئەم ساتەدا خەیاڵت لە ناو لانکی پەخشانە شیعرێکدا ڕادەژێنم بە لای لایە دەیخەوێنم دیسانەوە شەوەو بە ئەسپای نیگاکانم بڕیوەتە ئاسمان و لەگەڵ مۆمێکی ڕۆح سووتاو لە خەڵوەتگەی ئەم ئەوینەماندا کز دەسووتێن بە بێ دەنگی دەچمەوە ناو بیرەوەریە جوانەکانی ڕۆژانی خۆشەویستی، ئەو ساتانەی پەیمانی عەشقمان بە باڵای سنەوبەرێکدا هەڵواسی، گەڵای وەرزی خەزانمان کردە دیاری یەکەم چرکە ساتەکانی عەشق و پێکەوە بوون تا ئێستەش تاقانەکەم، لە هەر شوێنێکدا تاسەت بکەم گوڵێکی سپی تێدا دەپشکوێ قژی ڕازاوەترین هۆنراوەی تیادا دادەهێنم
ئەمشەو بە یادی جاران هاتووم خۆم هاوێشتووەتە باوەشت لەگەڵ دووبارە خۆش ویستنت، یاد کردنەوەی ڕۆژی لە دایک بوونت زمانم کرایەوە دڵم لە پەنجەرەیەکەوە ژیانی بەدی کرد ئەی کائینێك لە بەختەوەری، خەون، باران، جوانترین و پڕ واتاترین وشەکانی ئەم گەردوونە بۆ ئەم یادەت هیچ شک نابەم ڕازی دڵمی پێ بسپێرم، جگە لەوەی زەوقی ژنێکی شاعیرانە و میزاجی سۆفیەکی فەنا بوو لە عەشقت و حەزی زیکرێکی دەروێشانەی پڕ لە گزنگ، لە کانیاوی ئەوینێک، لە نێو دڵمدا هەڵقوڵاوە و پێشکەشتی دەکەم دە تۆش وەرە ئەی ئەو پیاوەی کە وەرزی تەمەنمان لەگەڵ هەست و خەیاڵدا تێکەڵ کردووە، نیگای ئەم شەوت سەراو بنی کردووم و لە ڕەگەوە هەژاندومی تۆ ئەی سێبەری هەتاوی خەونەکانم، وەرە ئەمشەو ساتێ لە خۆشەویستیدا خۆمان فەنا بکەین ئاوێتەت بم و ئاوێتەم بی، ئەی هەناسەم فریشتەییانە ماچم بکە، کە هەر وەک خەندە و لێو با لە یەکدیدا بتویینەوە وەرە بێ بیر کردنەوە، بزانە چ عەشقێک، چ میهرێک و چ ئاسودەییەک چاوەڕێتە تەنها وەرە ئەی ئەستێرەی پرشنگداری من، بیر مەکەرەوە لە ئامێزی مندا چیت بە سەر دێ، دوو دڵی، گومان، تورەیی، بێزاری، ڕەش بینی هتد.. فڕێ بدە وەرە لەگەڵ مندا با بفرین بەرەو دونیای ئەوین لە ئەم ساتەوەختەدا هاتووم تا چی شیعر و وشەم پێیە، لەگەڵ ڕۆح و هەناسەکانمدا بتدەمێ وەک دارێکی بێ پەل وپۆ، ڕووتەڵە، تا لە نێو باوەشی عەشقی ئەبەدی تۆدا گەڵا بگرمەوە و ڕۆژی لە دایک بوونت لێ پیرۆز بکەم هەتا چرپەی چاوە خەواڵوو، تامەزرۆ ڕێژەکانت ناسکتر ببیستم لە ناو ئەم شەوەزەنگەدا نیگا دڵگیرەکانم هێوەر بکەیتەوە ڕۆژی لە دایک بوونت پیرۆز، هیوای دڵە پڕ تاسەکەم، چیرۆکەکانی ئەم گەشتەم لەگەڵتدا، گوڵی سوور و سپیان پۆشیووە، دڵم ئۆقیانووسێکی هەڵچوو و تۆش ڕووباری ئاواتمی و شەپۆلی ئەوینێکی خەستم بۆ دەنێری و منیش ژیلەمۆی بزە ئەفسوناویەکانت.
کەژە