عەزیزم ، ڕۆحی شیرینم، دوو چاوم
دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم
ئەتۆ شا، من گەدا، دادم بپرسە
لە زوڵمی چاوی بیمارت کوژاوم
ئەگەر نەیدەیتە دەس خۆم قاتیلی خۆم
لە رۆژی ئاخیرەت دا بی پێناوم
دەسا لادە سەری زوڵفت لەسەر رووت
کە رووتی رووتم و مایل بە تاوم
لەباتی خوێنی خۆم ڕازیم بە ماچێ
دەسا بیدە هەتا زیندووم ماوم
ئەوا نیشانەیی مەرگم عەیانە
کە من غەرقی خەم و خوێن و زوخاوم
مەکەن مەنعم لە شیوەن ئەی رەفیقان
کە مەحزوون و غەمین و دڵ شکاوم
لە ژینی خۆم ئومێدم قەتعە((نالی))!
کە سووتاوە هەموو جەرگ و هەناوم
Geen opmerkingen:
Een reactie posten