25-04-2014

گه‌ر تۆ هه‌بیت
له‌ ڕووی مانگدا, سه‌یری خۆم ده‌كه‌م
به‌ تیشكی خۆر قژم دادێنم
ئه‌ستێره‌یه‌كی بریسكه‌دار له‌ قژم ده‌ده‌م
چاوم به‌ شه‌وانی هاوینی گواتیمالا ڕه‌ش ده‌كه‌م
گه‌ر تۆ هه‌بیت
من سنوره‌كان ده‌به‌زێنم
نه‌خشه‌یه‌ك له‌و هه‌ساره‌یه‌ ناهێڵم
من
كه‌ بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌, هه‌موومان خه‌ڵكی یه‌ك نیشتمانین
كه‌ تۆ هه‌بیت 
هه‌موو دونیا نیشتمانی منه‌
كه‌ تۆ هه‌بیت
ئه‌م دونیایه‌ بێ‌ سه‌رۆكه‌و بێ‌ كۆیله‌یه‌
كه‌ تۆ هه‌بیت 
گوڵه‌كان بێ‌ ئاو سه‌وز ه‌بن
كه‌ تۆ هه‌بیت 
جه‌نگه‌كان ده‌وه‌ستن
باڵنده‌و جه‌نگاوه‌ره‌كان ئاشتده‌بنه‌وه‌

ئیتر بۆچیمانه‌ شه‌ڕ
بۆچیمانه‌ سنور
بۆچیمانه‌ خه‌م
كه‌ تۆ هه‌بیت 
ئاینه‌كان یه‌كتر ده‌په‌رستن
ئه‌م دونیایه‌ بۆنی نیرگز‌وره‌یحانه‌ی لێدێت
تۆ 
له‌ وێنه‌كانتدا
خودا ئاوێنه‌یه‌كی ڕاگرتوه‌, به‌رانبه‌ر روحی من
ئه‌ی ئاوێنه‌ی روحی من
له‌ وێنه‌كانتدا ژیان نۆته‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌ باخ ده‌ینوسێته‌وه‌
له‌ وێنه‌كانتدا
ژیان زمانێكه‌ بۆ مرۆڤاییه‌تی ده‌نوسێت
له‌ وێنه‌كانتدا 
ژیان سنورێكی نیه‌ بۆ عشق
تۆ هه‌یت له‌ وێنه‌كاندا
به‌ڵام  گه‌ر تۆ به‌ڕاست هه‌بیت
مناڵه‌ برسیه‌كانی دونیا پڕده‌بن له‌ ئومێد
كه‌ تۆ هه‌بیت هه‌موو ڕه‌نگه‌كانی دونیا ده‌بینین
كه‌ تۆ هه‌بیت
مانا یه‌كمان ده‌ست ده‌كه‌وێ‌ بۆ بوون
كه‌ تۆ هه‌بیت
چیتر ده‌رگای ئه‌م دونیایه‌ داناخرێت به‌ ڕووماندا
كه‌ تۆ هه‌بیت
باخه‌ سووتاوه‌كان, گوڵی به‌هه‌شتی ده‌گرن
گه‌ر تۆ هه‌بیت
به‌هار ده‌بێته‌ كراسێكی  گوڵ گوڵی
ڕووتی پایزمان داده‌پۆشێ‌
كه‌ تۆ هه‌بیت
ئیتر ماڵمان بۆ چیه‌
هه‌موومان له‌ ماڵی په‌پووله‌كان ده‌ژین
كه‌ تۆ هه‌بیت
سه‌ركرده‌كانمان ناوێ‌
كه‌ تۆ هه‌بیت
 یودییه‌كان  فرمێسكی  مناڵه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ده‌سڕن
كه‌ تۆ هه‌بیت
دونیا یه‌ك نیشتمانه‌
عشق سه‌ركرده‌یه‌تی
ماچ چه‌كێتی 
جه‌نگه‌كان كۆتتاییان دێت
گه‌ر تۆ هه‌بیت 
فریشته‌كان برینی سه‌ربازه‌كان ساڕێژده‌كه‌ن
جه‌نگاوه‌ره‌كان ده‌بنه‌ میوانی میهره‌بانی
گه‌ر تۆ هه‌بیت
200000 شه‌هیده‌كه‌ی گواتیمالا ده‌بن به‌ 200000 گوڵ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌بارن
گه‌ر تۆ هه‌بیت
مێژووی ئه‌و ژیانه‌ له‌
 شعرێكدا ده‌نوسمه‌وه‌
كه‌ تۆ هه‌بیت  په‌پوله‌ پایزییه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌
كلیۆپاتراو شه‌یسه‌ری ڕۆم
دروست ده‌بنه‌وه‌

سوێند به‌ لێدانی دڵم
سوێند به‌ عێڕاقی خوێن لێڕژاوم
سوێند به‌ ئومێدی دووسه‌د هه‌زار كوژراوه‌كه‌ی گواتیمالا
سوێند به‌ گریانی كچه‌ سۆزانیه‌كان
سوێند به‌ خوێنی سربیه‌كان
گه‌ر تۆ هه‌بیت
زلزاله‌كان دنیا ناهه‌ژێنن
بوركانه‌كان مرۆڤایه‌تی له‌ ناو نابه‌ن

سوێند به‌ شعر
گه‌ر تۆ هه‌بیت
دونیا یه‌ك نیشتمانه‌
عشق سه‌ركرده‌یه‌تی

Geen opmerkingen:

Een reactie posten