01-09-2014


ئای چەن خۆشە
رۆژگاری بەهار، من گوڵچنت بم
شەوگاری پایز، دەست لە ملت بم
زستان و هاوێن، چەتری سەرت بم.


لەنێوان زمانان دا         
 سنور هەیە..
دڵان نا
بۆیە، بەدڵ خۆشمدەوێی
بەزمان نا.




ئەو ساتەی کە: 
دڵتەنگ دەبم
نە گوڵ جوانە لەلام
نە بۆنی خۆشە.. رێحانە.

کە سەردەخەمە سەر سینەت
هێند ئاسودەم .. لەو ساتەدا
هەرچی خەمی کۆن و نوێیە..
سەرلەبەری بەبادەکەم








ئەمزانی رۆژێ لە سێبەری ئەو دارانەدا تاسەی دارستانێکی تینووت بۆ ئەگێڕمەوە، تۆش ڕازی خۆڵ و ڕازی باران بە گەڵاکاندا 
هەڵئەواسی

ئەمزانی ئەم مەینەتە چەند ساڵەیەم لە چاوترۆکانێکدا ئەبێتە هەڵمێکی ئەرخەوانی و بە ئاوێنەی ژووری تەنیاییتا، دڵۆپ، دڵۆپ ڕیچکە ئەبەستێ و دائەچۆڕێ
  ئەبێتە سەرپۆشێکی لە خۆم هەڵکێشراو و بە سەر نەمامی دڵتەوە ئەنیشێتەوە

تەماشای تاریکە شەوی چواردەور ئەکەیت،  نیگات ئەبێتە چەپکێ ئەستێرە، ئەبێتە چرایەکی تیشک یاسەمین گوێ بۆ بێدەنگی بەرەبەیان ڕائەدێرین
هەناسەت، وردە خۆشیت، گەشانەوەت بە ژێی تاریکی مەستن، بە شنەی هەناسەم ئەلەرێنەوە لە کەزیتا

شەوی زستانێک خۆی لە ڕۆژی بەهاران داوەتە پەنا، لەنجەت لەرێنەوەی گیایە
کاتێ مێرگ سەر لە ئێواران چاوی خوماری هەڵدێنێ، چاوەی تۆش خوماری ڕێژنەی بارانیکی دەمەو پاییزە بە سەر دەشتی تینووی گەرمەسێرا

ناوی چیت لێ بنێم؟ کە تۆ دەوەنێکی بێناویت؟
لە شۆرەزاری دڵمدا ئەڕوێت، هەڵئەچیت، پەلوپۆ ئەهاوێژی، گوڵ ئەکەیت، ناوی چیت لێ بنێم؟ کە تۆ وەک تەزوو سەرتاسەری بوونم ئەخەیتە  جووڵەو بەدیت ناکەم، وەک هەنسک نهێنی خەم و ژان ئەدرکێنی و نەبیتە گریان، وەک شەرم نیگاری تاسەو ئەوین ئەکێشی و نابیتە حەز و ئارەزوو ناوی چیت لێ بنێم، ناوی چی؟؟


کەژە



   دەڵیی شەونمی شەوی بەهارانی بە پەلکی دەوەنی خەواڵوودا دەدەچۆڕێی
دەڵێی کێوێکی داگیرساوی، لە ئاوێنەی  گەردووندا دەدرەوشێیتەوە
هەر سات کە یادت دەکەم وەک کزەبایەک پشکۆت ئەم دڵەم دادەگیرسێنی

ئەم شەوگارە بێ یادی تۆ ساوایەکە ڕێبواری ڕۆح تروسکەی ئاوەدانی تیا بەدی ناکەم
ئەی شوشە گوڵاوی مێژووی نیشتمانم، شیعرەکانم وەکوو چەپكە مۆمێکی سوور داگیرسێنە، با بە ئاوازی پێرۆزت گۆرانی ذلی ئەویندار ببیستێ.. با گریان و پێکەنینی شاعیری خەمبار ببیستێ.. 

لە سەر پەڕەی کام گوڵی کێوی ، ناوت بە سورمەی ڕۆح بنەخشێنم، تا بەهار دوای بەهار و سال دوای ساڵ دەشت و بنار، ئاو  و چیا و چۆڵەوانی گەردوون مەستی بۆن و بەرامی گوڵاوی ناوت و سەرخۆشی ئەشقی ناوت بن..
لە پێشانگای بیرەوەریدا تەماشای سێبەری بلوورینت ئەکەم بە تیشکی چرای تاسەم دەدرەوشێتەوە، دەمەوێ ببیتە خونچەیەک، وەک شوشە گوڵاوێ بتبینم، تۆ هەور بە و منیش ناوت دەنیم شەپۆل و ڕووبار، ببە بە سپێدە و منیش دەڵێم خۆرەتاو 


Geen opmerkingen:

Een reactie posten