06-12-2011


دڵم پڕ خوێنە، جەرگم لەت لەتە بۆ لێوی گوڵنارت
نەخۆش و دەردەدارم من لە حەسرەت چاوی بیمارت
سەڵیبی پەرچەمی تۆم دەسکەوێ، چیمە لە ئیسلامیی؟
کڵێسە جێگەمە جانا، لە عەشقی زوڵفی زوننارت
وتی: عاشق، ئەبێ بەم کوشتنەت مەسرور ببی چونکە
لە ناو عوششاقدا تەنها، ئەتۆی قوربانی دڵدارت
شکا بازاڕی شەهد و شەککەر و شیرینیی قەنناد
لە ڕۆژێکۆ کە بیستوویانە خەلکیی، نوتق و گوفتارت
ئەبێ کاغەز لەبەرگی گوڵ، قەڵەم جانە لە عەنبەر بێ
کە من مەیلم هەیە ئێستا، بنوسم وەسفی ڕوخسارت
کە تۆ سەروی منی، بێچارە، قومریی دڵ حەزینی تۆم
هەمیشە بولبول ئاسا وام لەدەوری باغ و گوڵزارت
نیگار ئەمڕۆ لەناو جەمعی ڕەقیبا، پێی وتم: (ئەحمەد)
مەحاڵە تۆ ئیتر دەستت کەوێ، یاری دڵ ئازارت!
 

Geen opmerkingen:

Een reactie posten