04-08-2011



‌عارزی یارم گرۆی حوسنی لە گوڵشەن بردەوە


‌بۆیە گوڵ خاری خەمی سەرتا بەپا دەرکردەوە


‌تیری ئەوزاریت لەگەڵ بولبول قیاسی ناکرێت


‌بۆیە تا مردن دەناڵم من بە ئێش و دەردەوە‌


‌قاسیدێ گەر بێ لە تۆ بیبێ سەلام و بێتە لام


‌ژێری کەوشی ماچ دەکەم قوربان بە تۆز و گەردەوە


‌ئێشی زامم وا لەبەینی عالەما مەعلوم بووە


‌گەه لە خوێنی چاوەکانم، گەه لە ڕەنگی زەردەوە


‌دەردی من بەو چاوی بیمارت ئەگەر دەرمان نەکەیت


‌چۆن بە ئومێدی شیفا بم لەو دڵەی وەک بەردەوە


‌گەر بڵێن (صافی) لە عەشقی کەیلەکەی کوێی جێگەیە


‌تۆ بڵێ مەجنون سیفەت ڕۆی وا لە چۆڵ و هەردەوە

Geen opmerkingen:

Een reactie posten