06-10-2012



ئه‌ی ئاشنا,ئه‌ی ئاشنا
ئه‌ی ئاشنای دوو چاوی من
ئه‌ی هێز و توانا،،ئه‌ی وره‌
ئه‌ی قووه‌تی هه‌نگاوی من

توخوا وه‌ره‌،توخوا وه‌ره‌
خه‌م له‌و دڵه‌ی من لابه‌ره‌

ئه‌ی ده‌رد و هه‌م ده‌رمانی من
ئه‌ی ڕووح و ئه‌ی هه‌م گیانی من
ئه‌ی دین و ئه‌ی ئیمانی من
ته‌نیا ئومێدی مانی من

گه‌ر هاتی زۆر ئارام وه‌ره‌
دڵ،چاوه‌ڕێته‌ له‌م ده‌ره‌

تا ده‌شت و کێو وئاسمان
چیتر نه‌که‌ن وا باسمان
هه‌وریش نه‌که‌ن با کاسمان
ئه‌ی قیبله‌گاهی خاسمان

هه‌سته‌ وه‌ره‌ ،هه‌سته‌ وه‌ره‌
پێت دانێ له‌و چاو و سه‌ره‌

ئه‌ی تیشکی خۆری به‌ربه‌یان
ئه‌ی گیان و ئه‌ی ئارامی گیان
سه‌رچاه‌که‌ی کانیاوی ژیان
ئارام وه‌ره‌،نه‌رم و نیان

سه‌بر و قه‌راری من وه‌ره‌
جا دڵ ده‌گه‌ڵ خۆتا به‌ره‌

زولفت به‌ ده‌م باوه‌ مه‌ده‌
ئه‌گریجه‌ جوانه‌ت لامه‌ده‌
به‌و نازه‌وه‌ خۆت با مه‌ده‌
گه‌ر هاتی ئیتر لامه‌ده‌

خاتوونی شێعری من وه‌ره‌
تاوێ ده‌گه‌ڵ من هه‌ڵپه‌ڕه‌

ئه‌ی حاڵ و ئه‌ی ئه‌حواڵی من
ئه‌ی شه‌و چراکه‌ی ماڵی من
گه‌ر دێی بپرسی حاڵی من
توخوا مه‌ڵێ ،تۆی روحی من

باڵم وه‌ره‌.ماڵم وه‌ره‌
من هه‌ر هه‌مان عاشقی جارانم ،،وه‌ره‌

Geen opmerkingen:

Een reactie posten